رووسیا: بۆردومانەکەی دوێنێی حومس لە لایەن چوار فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رووسیا ڕایگەیاند، ئەو بۆردومانەی کە بەرەبەیانی دوێنێ شەممە دەوروبەری حومسی سوریای کردە ئامانج، لەلایەن چوار فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
ئۆلێگ گۆرینۆڤ جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، چوار فڕۆکەی جەنگی تاکتیکی ئێف 15ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاستەوە، لە رێگەی بەشی باکووری لوبنانەوە هێرشیان کردووەتە سەر سوریا.
لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا، چەند خاڵێک لە دەوروبەری شاری حومس کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی و لە هەمان کاتدا دیمەشق رایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان رووبەڕووی بەشێک لەو هێرشانە بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیمەشق، هێرشەکە بووە هۆی برینداربوونی سێ هاوڵاتی سڤیل و گڕگرتنی بەنزینخانەیەک و ژمارەیەک تانک و بارهەڵگر.
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا ڕایگەیاند، لە ماوەی رۆژدا لە ناوچەکانی ئاگربەست لە ئیدلب، پێنج حاڵەتی تۆپبارانکردنی پێگەکانی هێزەکانی حکومەتیان لەلایەن “پارتی ئیسلامی تورکستانی” و “دەستەی تەحریرشام”ەوە تۆمارکراوە.
کە سیانیان لە پارێزگای حەڵەب و یەکێکیان لە پارێزگای ئیدلب و یەکێکی دیکەیان لە پارێزگای لازقییە بوون.