لە پێکدادانەکانی سوداندا 411 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون

 هەولێر – نۆرس پرێس

سەندیکای پزیشکانی سودان ئاشکرای کرد کە لە پێکدادانەکانی سووداندا تا ئێستا 411 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.

وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە پێکدادان بەردەوامە، بە گوێرەی سەندیکای پزیشکانی سودان، تا ئێستا 411 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و دوو هەزار و 23 مەدەنی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم 512 کەس کوژراون و نزیکەی 4200 کەسیش برینداربوون، کە پێی وایە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترە، بەڵام بەپێى ئامارەکانى سەندیکای پزیشکانی سوودان لە پێکدادانەکانی 15 رۆژى رابردودا 411 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون، بەمەش تەنها 101 کەس لە ریزى هێزە شەڕکەرەکاندا کوژراون.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەوەیان خستووەتەڕو کە تەنها لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا زیاتر لە 75 هەزار کەس لە ناوخۆی سودان ئاوارە بوون.

دوێنێش لە رۆژی پازدەهەمی گرژییەکاندا لە خەرتوومی پایتەخت پێکدادانی توند لە دەوروبەری کۆشکی کۆماری و فەرماندەیی گشتی سوپا هەیە و لە گەڕەکە جیاوازەکانی باشووری پایتەختیش ئاگربەست پێشێل دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە 28ی نیساندا رایگەیاندبوو لایەنەکانی سوودان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر ئاگربەستی نێوانیاندا درێژ دەکەنەوە.