کۆبانێ – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، دیوانی ئەدەبی رۆژئاوای کوردستان، خولێکی نوێی هەفتەی ئەدەبی لەژێر ناونیشانی “مەلایی جزیری” لە شاری کۆبانێ دەستپێکرد، تیایدا ژمارەیەک نووسەر و شاعیری شارەکانی (مەنبیج، رەققە، دێرەزوور و حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانێ) بەشداربوون.
کەریم عەلوش، ئەندامی دیوانی ئەدەبی رۆژئاوای کوردستان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هەفتەی ئەدەبی شەش رۆژ دەخایەنێت و سێ میحوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت”.
گوتیشی: یەکەم میحوەری هەفتەی ئەدەبی بە دەوری کارەکتەری “مەلایی جزیری”دا دەسوڕایەوە، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە لە سۆشیال میدیا و ماڵپەڕەکان کە گوایە “مەلایی جزیری” رەچەڵەکی کورد نییە.
“عەلوش” روونیکردەوە کە دیوانی ئەدەبی رۆژئاوای کوردستان، دەیەوێت لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا راستییەکان سەبارەت بەم بابەتە روون بکاتەوە.
باسی لەوەش کرد کە رۆژانی یەکەم و دووهەمی هەفتەی ئەدەبی لەسەر کارەکتەری “مەلایی جزیری” دەبێت، لە رۆژی سێهەم و چوارەمیشدا باسی رۆمان و پەرەسەندنی و سەرهەڵدانی رۆمانی جیهانی و هەروەها کوردی، دەبێت بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان ، لە کاتێکدا دوو رۆژی کۆتایی تەرخانکرابوو بۆ رەخنەی ئەدەبی و ناساندنی.
“عەلوش” ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی چالاکییەکەدا گوتار و سیمینار رێکدەخرێت، دواتر شیعر بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی دەخوێندرێتەوە، هەروەها خوێندنەوەی چیرۆک بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی.
شایانی دیوانی ئەدەب بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی نووسەران و ئەدیبان و پەرەپێدانی شوناسی ئەدەبیات لە ناوچەکەدا ئەم چالاکیی و بۆنانە سازدەکات، ساڵی رابردووش هەمان چالاکی لە شاری قامشلۆ بەڕێوەچوو.