سەرۆککۆماری عێراق بەسەردانێک گەشتە ئێران

 هەولێر – نۆرس پرێس

د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا لە ئێرانە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی گەشتی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، دوێنێ شەممە، د.لەتیف رەشید بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەریەک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەم و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا و عەبد عۆن زیاب، وەزیری دەرامەتە ئاوییەکان و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەرپرسانی باڵا یاوەری سەرۆککۆماری عێراقن بۆ ئێران.

ئەم سەردانەی لەتیف رەشید لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، ئەنجام دراوە.

بڕیارە ‘رەشید’ لە میانی سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆکۆماری ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی راگەینراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، لە میانی کۆبوونەوەکانی سەرۆککۆماری عێراق و گەورە بەرپرسانی ئێران، رەوشی ھەردوو وڵات بە تایبەتی و رەشی ناوچەکە بە گشتیی تاوتوێ دەکرێت.