پەیوەندییەکانی نێوان چین و سوریا پەرەیان سەندووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە، تشای جون، نێردەی تایبەتی حکومەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، چین پشتیوانی لەو پێشهاتە ئەرێنییانە دەکات کە لە نێوان سوریا و وڵاتانی عەرەبیدا ڕوودەدەن.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە دیمەشقی پایتەخت پێشوازی لە نێردەی چین کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەند پرسێکی تری نێودەوڵەتی تاوتوێکران.
تشای جون جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانی لەو پێشهاتە ئەرێنییانە دەکات کە لە ڕێگای لێکنزیکبوونەوە لە نێوان سوریا و وڵاتانی عەرەبیدا ڕوودەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، چین لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە و لە چوارچێوەی دیدێکی هەمەلایەنەدا بۆ ناوچەکە دەڕوانێتە پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا، بەکین بە قسە و کردار لەگەڵ سوریادا دەوەستێت، هەروەها پاڵپشتی سوریا دەکات لە شەڕی دژی تیرۆر و دەستوەردانی دەرەکی.
تشای جون سڵاوی شی جینپینگی سەرۆکی چینی گەیاندە سەرۆک ئەسەد، هەروەها پەرۆشی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەتر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا نیشاندا و خۆشحاڵی وڵاتەکەیشی بەرامبەر ئەو سەرکەوتنەی کە گەلی سوریا بەدەستیهێناوە نیشاندا، چونکە سەرکەوتنێکە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەرگری لە سەروەری و کەرامەتی خۆیان دەکەن.
لە بەرامبەردا ئەسەد سڵاوی خوی بۆ سەروکی چین و گەلی چینی نارد، ئەوەششی دوپاتکردەوە دیمەشق لەبیری ناچێت کە بەکین لە کاتی شەڕدا یارمەتی سوریای داوە بە مەبەستی بەرگریکردن لە سەروەری سوریا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ئەو هاوکاریانەش بەرز دەنرخێنێت کە چین لە ماوەی رابردوودا پێشکەشی گەلی سوریایی کردووە.