کۆبانێ – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممە، مەکتەبی ئەدەب لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەفتەی ئەدەبی لە ژێر ناوی مەلای جزیری بە بەشداری ژمارەیەک نووسەر و شاعیری شارەکانی مەنبج، رەقە، دێرەزوور و حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانێ بەرێوەچوو.
کەریم عەلوش ئەندامێکی مەکتەبی ئەدەب لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هەفتەی ئەدەبی شەش ڕۆژ دەخایەنێت و سێ تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت.
عەلوش زیادیشی کرد، یەکەم تەوەری هەفتەی ئەدەبی باسی کارەکتەری مەلای جزیری دەکات، وتیشی، مەکتەبی ئەدەب لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا ڕاستییەکان بخاتەڕوو.
ئاشکراشی دەکات کە ڕۆژی یەکەم و دووەمی هەفتەی ئەدەبی دەربارەی کارەکتەری مەلای جزیری دەبێت، ڕۆژی سێهەم و چوارەمیش باس لە ڕۆمان و پەرەسەندنەکەی و سەرهەڵدانی ڕۆمانی جیهانی دەکات، لە کاتێکدا دوو ڕۆژی کۆتایی تەرخان کرابوو بۆ ڕەخنەی ئەدەبی و ناساندنی.
عەلووش ئاماژەی بەوەشدا، له ڕۆژانی چالاکییەکەدا وتار و سیمینار ڕێکدەخرێن و دواتر شیعریش به هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی دەخوێندرێنەوه، هەروەها بەهەردوو زمانی عەرەبی و کوردیش چیرۆک دەخوێندرێنەوە.
جێی باسە ناوەندی ئەدەب بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی نووسەران و پەرەپێدانی پێناسەی ئەدەبیات لە ناوچەکەدا ئەم چالاکی و بۆنانە سازدەکات، ساڵی ڕابردووش لە شاری قامشلۆ ئەو چالاکییە بەڕێوەچوو.