داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر بەرپرسێکی هەسەدە لە دێرەزوور راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
داعش ئەمرۆ شەممە، 29ی نیسانی 2023، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە بە چەکی مامناوەند هێرشیان کردوە سەر، تەیسر سەرهید، سەرکردەی هەسەدە، لە نزیک ماڵەکەی لە شارۆچکەی بەسیرە لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
داعش لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەکەدا کە رۆژی هەینی 28ی نیسانی 2023 بەرپرسەکەی هەسەدە گیانی لە دەستداوە و یەکێک لە پاسەوانەکانی برینداربووە.
هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.
لە سەرتایی ئەمساڵەوە هێرش و چالاکییەکانی داعش لە ناوچە سنوورییەکان و بیابانەکانی سووریا زیادی کردووە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”، لەسەر رێگای حەزیمە لە باکوری رەقە راگەیاندبوو.