ئیسرائیل هێرشیکردە سەر حومس و 3 بریندار هەیە
دیمهشق – نۆرس پرێس
بەهۆی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە، کە خاڵەکی سەربازی لە دەوروبەری شاری حومسی سوریایان کردە ئامانج، سێ کەس برینداربوون و زیانی ماددیشی لێکەوتۆتەوە.
رۆژی شەممە 29ی نیسانی 2023، سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا “سانا”ی راگەیاندووە، “نزیکەی کاتژمێر 12:50 خولەکی پاش نیو شەوی هەینی، ئیسرائیل بە ژمارەیەک مووشەک لە باکووری لوبنانەوە ئاراستەی خاکی سوریا کردوە و ژماریەک خاڵی سەربازی لە دەوروبەری شاری حومس کردوەتەوە ئامانج”.
سەرچاوە سەربازییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا رێگرییان لە مووشەکەکانی ئیسرائیل کردووە و بەشێکیان خستووەتە خوارەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، لە تۆپبارانەکەدا سێ هاوڵاتی برینداربوون هەروها بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی سوتەمەنی شاری حومس و سووتانی ژمارەیەک تانک و بارهەڵگری سوتەمەنی.
هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە بەهۆی مووشەکەکانی ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی لە فڕۆکەخانەی سەربازی زەبعە لە دەوروبەری حومس تەقیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگاکە، دەنگێکی بەهێز بیستراوە، هەروەها ئاگر لە شوێنەکە کەوتۆتەوە و بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانە مرۆییەکان هەبێت”.
لە 2ی نیسانیشدا ئیسرائیل هێرشێکی هاوشێوەی بۆ سەر چەکدارانی حیزبوڵایی لوبنانی لە فڕۆکەخانەی زەبعە ئەنجامدا و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.