هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، حکومەتەکانی ئەو 27 وڵاتە رەزامەندی خۆیان دەربڕیوە بۆ درێژكردنهوهی بڕیاری راگرتنی سەرجەم باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە ئۆکرانییەکان بۆ یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی ساڵێک.
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا سەرجەم باجەکانی گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئۆکرانیا بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی ساڵێک ڕابگرێت، ئەویش لەپێناو پشتگیریکردنی چالاکییە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە لەشکرکێشی روسیا.
باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بڕیاری درێژکردنەوەی ئەو لێخۆشبونەیان بە کۆی دەنگ پەسەندکردووە.
هەنگاریا، سلۆڤاکیا و بولگاریا سنوردارکردنی کاتییان بۆ دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەیا سەپاند، ههروهها وڵاتانی دیکەی یهكێتی ئەوروپا کە دراوسێی وڵاتی ئۆکرانیان بە هەمان شێوە سنوردارکردنی کاتییان بۆ دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە کە لە ئۆکرانیا هاوردە دەکران، سەپاند، کۆمسیۆنی ئەوروپاش کە بەرپرسیارە لە سیاسەتی بازرگانی بلۆکەکە، ئەو هەڵوێستە بە قبوڵنەکراو دەزانێت.
جگە لە ڕاگرتنی باج، یەکێتی ئەوروپا ڕێگایەکی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە کیێڤ بدات کە کۆگاکانی دانەوێڵە هەناردە بکات دوای ئەوەی ڕێگا دەریاییەکان بەسەر دەریای ڕەشدا بەهۆی لەشکرکێشی ڕوسیا داخران.
بەپێی ئاژانسەکانی دەنگۆباس، لە 19ی نیساندا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڵێنیدا 100 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک هاوکاری بۆ پشتگیریکردنی جوتیارانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات تهرخان بكات کە تووشی زۆرترین زیان هاتوون بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوه.