هەولێر- نۆرس پرێس
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە سبەی رۆژی شەممە ئەگەری نمەباران هەیە، پلەی گەرماش دادەبەزن و کاریگەری هەوای فێنک لەسەر هەرێمی کوردستان تا رۆژی چوارشەممە دەمێنێتەوە.
رۆژی هەینی کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە سبەی ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکاندا هەیە، هەروەها لە هەندێک ناوچەش ئەگەری هەبوونی تۆز و خۆڵێکی کەم هەیە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند ، لە ئەنجامی کاریگەریی بارستە ھەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە، سبەی ناجێگیری کەشوھەوا لە سنوری پارێزگای دھۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر ناوچەکانی تریش دەگرێتەوە لە ناوچە شاخاوییەکانیش نمەباران و هەندێک کات تاوە باران دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
لەبارەی بارانبارین لە سەنتەری شارەکان، ئاراس جەبار گوتی، لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری نمەبارانی هەیە؛ بەڵام لە هەولێر ئەگەری نمە باران کەمە.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی پلەکانی گەرما لە 3 بۆ 4 پلە دادەبەزێت.