پیدەرسن: کرانەوەی دیمەشق بەڕووی وڵاتاندا سەرەتایەکە بۆ چارەسەری سیاسی

دیمەشق – نۆرس پرێس

گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گوتی زیادبوونی بەرژەوەندی دیپلۆماسی لە سوریا لەم ماوەیەی دواییدا “رەنگە چارەسەری سیاسی بەرەوپێش ببات”.

پێدەرسن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سوریا لە لێواری “وەرچەرخانێکدایە” لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و رەنگە ئەم بەرژەوەندییە یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بەپێی بڕیارنامەکە 2254.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لایەنە کاریگەرەکان هەنگاوی بەرجەستە بنێن، “دیپلۆماسی لە نێوان لایەنەکانی ئەستانە و حکومەتی سوریادا بەردەوامە، هەروەها دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی و حکومەتی سوریا لەئارادایە”.

پێدەرسن ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەوڵدەدات بۆ ئاسانکاری پرۆسەی سیاسی لە سوریا، ئاماژەشی بەوەدا کە ناتوانێت بە تەنیا مامەڵە بکات و پێویستی بە پشتیوانی هەموو لایەنە سەرەکییەکان هەیە: “هیچ یەک لە لایەنە کاریگەرەکان، نە پارتەکانی سوریا، نە لایەنەکانی ئەستانە، نە رۆژئاوا و نە عەرەبەکان، ناتوانن بە تەنها پێشکەوتن بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.”

جەختی لەوە کردەوە “چارەسەری سیاسی تاکە رێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهاماتی سورییەکان بەرەو سەقامگیری و ئاشتی”، جەختی لەسەر پێویستی “دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی دەستووری بە گیانی کۆدەنگی و بە خێراتر” کردەوە.

هەر لەو دانیشتنەدا جێفری دیلۆرێنتیس، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، وڵاتەکەی “لەگەڵ رژێمی سوریا پەیوەندییەکانی ئاسایی ناکاتەوە، کە بەردەوامە لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی سڤیل و داڕمانی ئابووری وڵاتەکە”.

گوتیشی، “رژێمی ئەسەد ناوچەکەی پڕکردووە لە مادەی هۆشبەر، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رەتکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی کوشت، ئابووری سوریای وێران کرد، هاوڵاتیانی ناچارکرد وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و دانوستانی راستەوخۆی رەتکردەوە.”

ئەو نوێنەرەی ئەمریکا رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە رێگری لە کاری کۆمیتەی دەستووری کردووە “بە هۆکارێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە گەلی سووریاوە نییە”

هەروەها نوێنەری فەرەنسا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی هاوڕا بوو، و رایگەیاند کە “جەنگی سوریا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بڕیارنامەی 2254 دەبێت جێبەجێ بکرێت “جەختیشی لەوە کردەوە کە “دۆخی سوریا هێشتا رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش