دەستەی دانوستانکار چەند سەردانێکیان بۆ وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی بۆ نۆرس پرێس ئاشکرا دەکات

دەرعا – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی دەستەی دانوستانکاری سوریا، بەدر جاموس، بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، سەردانەکەی شاندی دەستەکە بۆ ئەمریکا “بە مەبەستی راوێژ و دۆزینەوەی میکانیزمێک بوو، بۆ زیاتر فشار خستنەسەر رژێمی ئەسەد بە راکێشانی بۆ ناو پرۆسەیەکی سیاسی جددی”.

جەختیشی لەسەر ئەو سەردانانە کردەوە کە دەستەکە “لەماوەی داهاتوودا” بۆ پایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامی دەدات، بۆ ئەوەی رێگری لە رێڕەوی ئاساییبوونەوە و کرانەوە بەڕووی دیمەشقدا دروست بکات.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی چوار قۆڵی کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و هەریەک لە بەرپرسانی بەرگری و هەواڵگریی سوریا، تورکیا، رووسیا و ئێرانی تێدابوو بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، پەیوەست بەهەمان دۆسیە، شاندێکی دەستەی دانوستانکاری سوریا گەیشتە ئەمریکا.

شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبووەوە و دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی تویتەرەوە رایگەیاند، “ئاساییکردنەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد روونادات، لە نەبوونی گۆڕانکاری سیاسی هەمیشەیی و پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش، و لەنێو ئەوانەدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریا”.

جاموس ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس، ناڕەزایی دەربڕی کە “ئاساییکردنەوەی خۆڕایی لەگەڵ رژێمدا روودەدات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی سیاسی و پاڵپشتی لە هەڵوێستی ئەوان کە نایانەوێت بگەن بە چارەسەرێکی سیاسی، بەڵکو تەنها مەبەستیان گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان  و گەڕاندنەوەیە بۆ کۆمکاری عەرەبی، بە تێپەڕاندنی چارەسەری سیاسی”.

ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانی واشنتۆنیان کردووە بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەمریکا، کە جەختیان لەوە کردوەتەوە “هیچ ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ رژێمدا نییە و سزاکان بەردەوام دەبن تا چارەسەرێکی سیاسی دەدۆزرێتەوە”.

ئەو سیاسەتمەدارە ئۆپۆزسیۆنە بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، شاندی دەستەی دانوستانکار سەردانی وڵاتانی ناوچەکەیان کردووە (بەبێ ئەوەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات)، دوای واشنتۆنیش دەیەوێت بچێتە پایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بەمەبەستی لەمپەردروستکردن لەبەردەم ئەم ئاساییکردنەوەدا.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەمەد – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش