وەزیری نەوتی عێراق: لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی ناوەندی گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

ئەوەشی راگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ کە ئەرکی وەرگرتن و ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی پێسپێردراوە،  سەرقاڵی ئیمزاکردنی  گرێبەستە لەگەڵ کڕیارانی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا، راشیگەیاندووە، ئەو پرۆسەیەش لە چەند رۆژی داھاتودا تەواو دەبێت و ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە نزیکترین وادەدا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.