هەدەپە رایگەیاند.. لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا پشتگیری لە كلیچدار ئۆغڵو دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
میتحەت سانجار ئەمڕۆ هەینی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئێمە پشتگیری لە كەمال كلیچدار ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەین.
وتیشی، “دو ئامانجی ستراتیژیمان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە، ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگترین هەڵبژاردن دەبینین لەمێژوی توركیادا، بۆیە بڕیارمانداوە پشتیوانی لە كەمال كلیچدار ئۆغڵو بكەین”.
هاوسەرۆكی هەدەپە ئاشكرایكرد، “ئامانجی یەكەمان لەم هەڵبژاردنە كۆتاییهێنانە بەرژێمی تاكە كەسی، ئامانجی دوەمیشمان ئەوەیە ببینە كاریگەرترین هێز لەگۆڕانكاری دیموكراسیدا، ئەو ئامانجانەش دیارە لەگەڵ كەمال كلیچدار ئۆغڵو یەكدەگرنەوە بۆیە پشتیوانی دەبین”.
سانجار بە رۆژنامە تورکیەکەی راگەیاند، “رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەیەوێت رژێمی تاکەکەسی خۆی دابمەزرێنێت، هەربۆیە پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکەین کە بەڵێنی گۆڕینی رژێم دەدات.”
راشیگەیاندووە کە بۆچوونەکانی ئەوان و کەمال کلیچدارئۆغڵو سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە رژێمی تاکەکەسی تورکیا وەک یەکن و هەر بۆیەش لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی کلیچدارئۆغڵو دەکەن.
سانجاردەڵێ، “سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵو دەبێتە هەنگاوی یەکەم لە رێگای دیموکراسی و سەروەری یاسا و چاوەڕوان دەکەن کلیچدارئۆغڵو بەرپرسیارێتی ئاشتی تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.”
وابڕیارە 14ی ئایاری ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت، کە تیایدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەرامبەر بە کەمال کلیچدار ئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت کێبڕکێ دەکەن بۆ سەرۆکایەتی تورکیا.