وەزیرانی دەرەوەی سوریا و عەممان “بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان” تاوتوێکرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی، “گرنگی بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارە جیاوازەکاندا” تاوتوێکرد.

میقداد رایگەیاند، سوریا “دڵخۆشە” بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سەریا بۆ سوڵتانییەتی عەممان.

لە 20ی شوباتدا، ئەسەد سەردانی سەڵتەنەتی عەممانی کرد و چاوی بە سوڵتان هەیسەم بن تاریق کەوت و لە راگەینراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عەممانیشدا هاتووە کە ئەسەد و بن تاریق “بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە گشتییەکان لەسەر گۆڕەپانەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی ئامانجدار، ئاڵوگۆڕ کردووە لە چەسپاندنی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا”، هەروەها “رێبازی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و بوارەکانی هاوکاری هاوبەشیان خستەڕوو.”

بە گوتەی ئاژانسی “سانا”ی نیمچە حکومی، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوو وەزیر رێککەوتن لەسەر پەیوەندی بەردەوام بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرس و پێشهاتانەی کە جێگەی نیگەرانی هاوبەشن.

رۆژی 14ی نیسان، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، ئوردن، میسر و عێراق بەڕێوەچوو، کە لە کۆتاییدا راگەینراوێک بڵاوکرایەوە، تیایدا جەخت لەوە کراوەتەوە “چارەسەری سیاسی تاکە رێگەیە بۆ قەیرانی سوریا، و گرنگی هەبوونی رۆڵی سەرکردایەتی عەرەبی لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە، و دانانی میکانیزمی پێویست بۆ ئەم رۆڵە  و چڕکردنەوەی رڕاوێژکارییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە.”

لەمدواییانەدا سوریا کرانەوەیەکی ئاشکرای عەرەبی بەخۆوەدەبینێت، ئەم کرانەوەیەش دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوبات خێراتر بووە، دوای ئەوە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی سعودیە و میسر و تونس و جەزائیری کرد و سەرۆکی سوریاش سەردانی عەممان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش