ئەنجوومەنی ئاسایش داوای چارەسەریکی سیاسی دەکات بۆ قەیرانی سوریا
هەولێر – نۆرس پرێس
شەوی دوێنێ پێنجشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی سوریا کۆبوویەوە، تیایدا داوای چارەسەریکی سیاسی کرا بۆ قەیرانی سوریا و رووسیا تۆمەتبارکرا بە ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم کارەکانی لیژنەی دەستوریدا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەمریکا جارێکی دیکە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی ناکاتەوە و حکومەتی سوریای تۆمەتبار کرد بەوەی وڵاتەکەی کردووەتە بنکەیەکی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە رۆژهەڵاتی ناویندا، بەتایبەتی بازرگانیکردن بە حەبی کپتاگۆنەوە.
جێفری دیلۆرانتیس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، واشنتن بە هیچ شێوەیەک سزاکانی سەر سوریا هەڵناگرێت و داواشمان لە وڵاتانی دیکەش کردووە ئەو هەنگاوە نەگرنەبەر، تا ئەو کاتەی “پرۆسەیەکی راستەقینەی فراوانی درێژمەودای چاکسازی و بەرەوپێشچوونی سیاسی لەو وڵاتە روونەدات”.
نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو تۆمەتانەی رووسیا و سوریای رەتکردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا واشنتنیان تۆمەتبار کردبوو بە رێگریکردن لە گەشتنی هاوکارییە مرۆییەکان کەم بە دەست لێقەوماوانی بوومەلەرزە، بەهۆی سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکاوە.
لەوبارەیەوە، جێفری دیلۆرانتیس دەڵێت، “بەردەوام دەبین لە هاوکارییە مرۆییەکانمان دوور لە سزاکان و پێشوازی لە هەموو گفتوگۆیەکی نیازپاکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.”
لەو کۆبوونەوەیەدا دیارا دیمی لابیلی، باڵیۆزی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێیان بەسەر چەندین بەرپرسی سوریادا سەپاندووە کە رۆڵیان لە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانی وەکو کپتاگۆن بەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبووە.
لە سزا نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپادا، 25 کەسایەتی و هەشت دامەزراوەی سوری سزایان بەسەردا سەپێندرا، لەنێویان دوو لە ئامۆزاکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای تێدابوو، کە یەکێتیی ئەوروپا تۆمەتباری کردوون بەوەی دەستیان لە بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆندا هەیە.