داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی “هەسەدە” لە گوندەواری رەققە راگەیاند
رەققە– نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە گوندەواری باکووری رەققە راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بۆمبی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”دا تەقاندوەتەوە، لەسەر رێگای بەیەکەوە بەستنەوەی شاری ‘رەققە’ و شارۆچکەی ‘حازمە’ لە گوندەواری باکووری ئەو شارە.
“ئەعماق” ئاماژەی بەوەشکردووە، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی 4 چەکداری “هەسەدە”، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەچێنراوەکەوە بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا.
لە کاتێکدا چالاکوانان باس لە گیانلەدەستدانی دوو ئەندام و برینداربوونی سێ ئەندامی دیکەی “هەسەدە” دەکەن، بەهۆی بەئامانجکردنەکەوە.
داعش کردەوەکانی دژ بە “هەسەدە”ی لە گوندەواری دێرەزوور، رەققە و حەسەکە، زیاد کردووە، ئەویش لە بەئامانجگرتنی ئەندامانی “هەسەدە” بە چەک و چاندنی بۆمب و بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکاندا، خۆی دەبینێتەوە.
رۆژی 3ی نیسان، داعش بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند، لە کردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە” لە شارۆچکەی ‘بوریهە’ی سەر بە قەزای ‘ئەلبەسیرە’ لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و لە ئەنجامدا دوو ئەندامیان برینداربوون و زیانیان بە ئۆتۆمبێلی کارمەندەکان گەیاند.