ئاوارەكانی ناو کەمپەکانی ڕەققە نیگەرانن لە کەمی ئەو یارمەتییە مرۆیییانەی پێشکەشیان دەکرێت
ڕەققە – نۆرس پرێس
عه‌نود مو‌سا (35 ساڵ)، ئاوارە لە کەمپی “حەویجە ئەلسەواف”ی باشوری شاری رەقە، رۆژانه سێ منداڵەکەی لای داپیرەیان بەجێدەهێڵێت و بەیانی زو دەڕوات بۆ کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی نزیک کەمپەکە.
مو‌سا، وەک هەمو ئاوارەكانی ئەو کەمپە، چەند مانگێکە هیچ یارمەتی و هاوکارییەکی ماددیان پێنەگەیشتوە، بۆیه هەوڵدەدات لەڕێگەی کارەکردنه‌وه کەمێک پارە دەستەبەر بکات بۆ دابینكردنی نانی ڕۆژانەی منداڵەکانی.
ئاوارەکانی ئەو کەمپانەی دەکەونە گونده‌واری شاری رەققە، گلەیی لە کەمی ئەو هاوکارییە مرۆیییانە دەکەن پێیان ده‌درێت له‌و بارودۆخە سەختە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەی به‌رۆكی گرتون.
جگە لەوەی یارمەتییە مرۆییەکان “زۆر کەمن” و بە جیاوازییەکی گەورەی کات بەزەحمەت دەگاتە دەستیان، شه‌ق و شڕبونی خێمه‌كانیشیان به هۆی ره‌شه‌باو گه‌ره‌ده‌لوله‌وه كه له‌مساڵدا ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه، كێشه‌یه‌كی تره‌و ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانی لێ تاڵ كردون.
بە وتەی ئاوارەکان، کە نۆرس پرێس دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدان، نەبونی هاوکاری مرۆیی له هەمو ئەو کەمپانەی دەکەونە گونده‌واری ڕەقە دوبارە دەبێتەوە.
له‌كاتی پێشكه‌شكردنی ناڕه‌زاییشدا، “داخستنی دەروازەكان و نەبونی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر” ئه‌و وه‌ڵامه‌یه وه‌ریده‌گرنه‌وه.
داخستنی خوێنبەری سەرەکی
داخستنی دەروازەی یه‌عره‌بییه (ته‌لكۆچه‌ر) هێشتا بەردەوامە، ئەمەش هۆكاره بۆ نه‌گه‌شتنی هاوكارییه مرۆییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر.
بەرپرسانی ئیداری و په‌یوه‌ندیدار به ئاواره‌كان به‌رده‌وام دوباره ده‌بنه‌وه بۆ ئەوەی ناوچەکە لە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەرنەکرێت، کە ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌روازه‌یه بكرێته‌وه، جێبەجێکردنی ئاسان دەبێت.
کەمپەکان له رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر، بە پلەی یەکەم پشتیان بەو هاوکاریانە بەستبو لە دەروازەی تەلكۆچه‌ره‌وه به ده‌ستیان ده‌گه‌یشت.
داخستنی دۆخی مرۆیی ئەو کەسانەی خراپتر کردوە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتوە، بەپێی ئه‌وه‌ی شێخموس ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری ئاوارەو راگوێزراوان له به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌رله كاتێكی پێشتردا رایگه‌یاند.
له گونده‌واری ڕەقە 58 كه‌مپی ئاوارە هه‌ن، زۆربەیان خەڵکی ئەو ناوچانەن له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومەتی سوریادان وه‌ك حەما و حومس و حەڵەب..
بەپێی ئامارێکی فەرمی، کە نۆرس پرێس لە فەرمانگەی کەمپ و ئاوارەکانی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقە دەستیکەوتوە، نزیکەی 90 هەزار ئاوارە لەو کەمپانەدا دەژین و بەسەر 16 هەزار و 165 خێزاندا دابه‌شبون.
کەمی یارمەتییەکان
مونه‌وەر مەجد، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری کەمپەکان و ئاوارەکان لە ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقە، لەگەڵ ئاوارەكاندا هاوڕایە له‌وه‌ی کەمپەکان بەدەست کەمی یارمەتییە مرۆییەکانەوە دەناڵێنن.
مەجد هۆکاری نەبونی پشتیوانی مرۆیی لە ناوچەکە و داخستنی دەروازەی ته‌لكۆچه‌ر، به به‌رپرس ده‌زانێت لەو بارودۆخە خراپە مرۆییەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
داواش دەکات بەکارهێنانی دۆسیه‌ی یارمەتییە مرۆییەکان كه دەچێتە ناو سوریاوە، له مەبەستی سیاسی دوربخرێته‌وه، به‌وپێیه‌ی ته‌نها ئاواره‌كان گه‌وره‌ترینی باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
زۆربەی ئاوارەکان پشت بە هەلی کاری وەرزی دەبەستن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان وه‌ك چاندنی سەوزە و دروێنەکردنی گەنم و چاندنی پەتاتە، لە وەرزی زستانیشدا به ئه‌سته‌م دەرفەتی کاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێت.
حەدبا جاسم، تەمەن 40 ساڵ، ئه‌ویش ئاوارەیەکی کەمپی “حەویجە ئەلسەوافیه”یە، رایده‌گه‌یه‌نێت، زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکان ژن و منداڵ و بەساڵاچوانن و “پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئاوارەکان چاویان لەسەر دابینكردنی كه‌ره‌سته سەرەتاییەکانی وەک شەکر و نەوتە.