عێراق 16 هاوڵاتی سووری لە سودان چۆڵ دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی نیسانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەڕانەوەی 230 کەس کە 16 کەسیان هاوڵاتی سوریی بوون، لەرێگەی دوو فڕۆکەوە لە سوودانەوە بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەرێدەکەون.
ئەحمەد ئەلسەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، “ئەو دوو فڕۆکەیەی کە بۆ گواستنەوەی عێراقییەکان لە پۆرت سودان دیاریکراون، ئێستا بەرەو بەغدا دەڕۆن و 234 هاوڵاتی لەناو فڕۆکەکەدان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە نێوانیاندا 16 هاوڵاتی سوریی تێدایە”.
گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لەکاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 512 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار کەسی دیکەش بریندار بوونە.
بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کە دەستپێخەرییان کرد لە هێنانە دەرەوەی هاوڵاتی و دیپلۆماتکارەکانیان لە سودان، سورییەکان لە ژێر ڕۆشنایی بێهەڵوێستی دەسەڵاتدارانی سوریادا بانگەوازی هەر ڕێگەیەک دەکەن بۆ رزگارکردنیان لە دۆخی ئێستا.
بەگوێرەی چاوپێکەوتنێک کە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوریا لە خەرتوم وەریگرتووە، لە شەڕەکەدا کە فڕۆکە و تۆپخانەکانی تێدا بەکارهێنراوە، لانیکەم 512 کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار و 200 کەسیش برینداربوون، کە 15کەسیی سوری نیشتەجێی ئەو وڵاتەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی دیپلۆماسی فریاگوزاری هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ پرۆسەی چۆڵکردنی هاوڵاتییەکانیان تاوەکو تا قۆناغی دوای گەیشتنیان لە بەغدا.