هیومان رایتس وۆچ: پاسەوانانی سنووری تورکیا هاوڵاتیانی سوری ئەشکەنجە دەدەن و دەکوژن

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاند، پاسەوانانی سنووری تورکیا بەبێ جیاوازی تەقە لە هاوڵاتیانی سڤیلی سوریا دەکەن لەسەر سنووری وڵاتەکەیان، هەروەها ئەشکەنجەیان دەدەن و هێزی لەرادەبەدەر دژ بە پەناخوازان و ئەو کۆچبەرانە بەکاردەهێنن، کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ تورکیا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە پاسەوانانی سنوور بکات کە دەستیان لەم پێشێلکارییە سەختانەی مافەکانی مرۆڤدا هەیە، لەوانەش کوشتنی نایاسایی و کۆتایی بە بێ سزای لەمێژینەی ئەم پێشێلکارییانە بهێنێت.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە باسی لە چەند حاڵەتێکی کوشتن و ئەشکەنجەدانی سەختی سورییەکان لەسەر سنووری تورکیا کردووە و رایگەیاندووە کە لە 20ی نیساندا نامەیەکیان بۆ وەزیرانی داد و ناوخۆ و بەرگری تورکیا ناردووە، بۆ ئەوەی داوای نوێکاری بکەن، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئایا داواکارییەکەی وەڵام دراوەتەوە یان نا.

هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: “جەندرمە و هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە بەرپرسن لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بە شێوەیەکی رۆتینی هێرش دەکەنە سەر سورییەکان و بێ جیاوازی تەقەی هەڕەمەکی دەکەن لە سەر سنووری سوریا و تورکیا، لە ئەنجامدا سەدان کەس کوژراون و برینداربوون لە ساڵانی ڕابردوودا”.

رێکخراوەکە دەڵێ: “کوشتنی هەڕەمەکییانەی سورییەکان لە خراپترین و گەورەترین تاوانەکانە، کە بەشێکە لە مامەڵەی دڕندانە لەلایەن پاسەوانانی سنووری تورکیاوە بەبێ ئەوەی حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری بکات یان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات”.

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا، بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس، 22 حاڵەتی کوشتن و 59 برینداربوونی کۆچبەرانی لە لایەن پاسەوانانی سنووری تورکیاوە تۆمارکردووە، ئەمە جگە لەوەی 191 کۆچبەریان دەستگیرکردووە و توندوتیژییان بەرامبەر بەکارهاتووە، لەکاتێکدا هەوڵی بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیایان داوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ ئاشکرای کرد، نابێت میوانداریکردنی تورکیا بۆ نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی سووری، ئەو وڵاتە لە ئەرکی رێزگرتن لە مافی ئەو کەسانەی کە داوای پاراستنیان لە سنوورەکانی وڵاتەکەی کردووە، بێبەش بکات.

لە ئۆکتۆبەری 2022دا، هیومان رایتس وۆچ دیپۆرتکردنەوەی سەدان کۆچبەریان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بەبەڵگە کردووە کە لەمێژە سوودمەند بوون لە پاراستنی کاتی، لەوانەش ناچارکردنی خەڵک بۆ واژۆکردنی فۆڕمی گەڕانەوەی خۆویستانە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، حکومەتە بەخشەرەکان لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەو وڵاتە پاڵپشتی دارایی بەرچاو پێشکەش بە حکومەتی تورکیا دەکەن بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سوریا، بۆیە پێویستە داوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کاریگەر بکەن لە تۆمەتەکانی سەرپێچیکردن، لەوانەش کوشتنی نایاسایی و ئەشکەنجەدانی پەناخوازان و کۆچبەران لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش