بەڕێوبەری خۆسەری لیژنەیەک بۆ گێڕانەوەی گیرخواردووانی سودان پێکدەهێنێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی رۆژئاوای کوردستان کە لە سودان گیریان خواردبوو، ئەمەش دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی لەو وڵاتە بەهۆی جەنگەناوخۆییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
دوو رۆژ لەمەوبەر، نۆرس پرێس، پەیوەندییەکانی هاوڵاتییە سورییە گیرخواردووەکانی بڵاوکردەوە، دوای تێکچوونی رەوشی ئەمنی، هەندێکیان لەئەنجامی پشێوی ئەمنی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە و لەئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هەردوو لایەنی ململانێی سودان زیاتر لە 15 هاوڵاتی سوریا کوژران.
بەڕێوبەری خۆسەر لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە ئەرکی وەرگرتنی زانیاری و پێدانی ئامۆژگاری پێویست و نەخشەی گەڕانەوەیە بۆ گیرخواردووانی سودان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە پێشوازی لە هەر هەوڵێکی پشتیوانی و ئاسانکاری دەکەین بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکەمان، لە چوارچێوەی ئەو داتا و توانا بەردەستانەی بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت پێکەوە هاوکاری ئەم کارە ئاکاری و مرۆییە بکات”.
بەپێی راگەێنراوەکە، پێکهێنانی لیژنەکە لە وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بوو بۆ دورستکردنی لیژنەیەک بە ئامانجی کارکردن و هەماهەنگی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر کە لەسەر سنوورەکان و ناوخۆی سودان گیریان خواردووە.
بەڕێوبەری خۆسەر رایگەیاندووە کە “بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانە دەکەن کە لە سودان روودەدەن”.
بڵێسەی جەنگی ناوخۆی سودان لە 15ی نیسانەوە هەڵگیرساوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سودان، لانیکەم 512 کەس کوژران و نزیکەی 4200 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لە وێرانبوونی نەخۆشخانەکان و سنووردارکردنی دابەشکردنی خۆراک لەو وڵاتە فراوانەدا، کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانە 46 ملیۆنیەکەی پشت بە یارمەتی مرۆیی دەبەستێت.