برینداربوونی حەوت کەس لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە گوندەواری حەڵەب

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە شاری “مارع” لە باکووری حەڵەب، لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، حەوت کەس بە فیشەکی تەقەکەرانی نەناسراو بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کەسانێکی نەناسراو بە ئۆتۆمبێلێکی رەشی جۆری “سەنتافی” تەقەیان بە ئاراستەی چادرێکی ئاهەنگی هاوسەرگیری کردووە لە شاری مارع لە گوندەواری باکووری حەڵەب و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون، کە بووک و زاواش لە نێو بریندارەکاندان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە، لەنێویاندا برینداری سەخت هەیە، هاوکات “شورتەی عەسکەری” شارەکە لە دۆخی ئامادەباشیدا بووە.

سێشەممەی رابردووش، کەسێک کوژرا و کوڕە نۆ ساڵانەکەی بریندار بوو، بەهۆی تەقەی چەکدارە نەناسراوەکانەوە، لە شاری ئەلباب لە رۆژهەڵاتی حەڵەب.

ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، دۆخێکی پشێوی ئەمنی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش لەبەهۆی لێنەپرسینەوە لەوکەسانەی دەستیان لە تیرۆر و رفاندندا هەیە لەلایەن دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی شارەکەوە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد