دوای سەردانەکەی میقداد.. وەزیری نەوتی سوریا سەردانی جەزائیر دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، فیراس قەدور، وەزیری نەوت و سامانە کانزاییەکان لە حکومەتی سوریا، سەردانێکی بازرگانی بۆ پایتەختی جەزائیر دەستیپێکرد، ئەویش لەسەر بانگهێشتی وەزیری وزەی جەزائیر، محەمەد عەرقاب، هات، کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نیمچە فەرمی بڵاویکردەوە، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوریا لە جەزائیر، محەمەد ئەلغەزاوی بەیاوەری وەزیری وزەی جەزائیر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هواری بومدین پێشوازییان لێدەکرد.

بڕیارە وەزیری نەوتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای سۆناتراک گروپس (کۆمپانیایەکی جەزائیری بۆ بەکاربردنی کەرەستەکانی نەوت، کە لە پلەی دوازدەیەمی جیهاندایە لەنێو کۆمپانیا نەوتییەکان) و کانەبەردینەکانی جەزائیر کۆببێتەوە، ئەمە جگە لەوەی سەردانی هەندێک دامەزراوەی وزە دەکات.

میدیاکانی جەزائیر رایانگەیاند، سەردانەکە لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی رێکارەکانی هاوکاری لە بوارەکانی توێژینەوە و گەڕان بەدوای نەوتدا دێت، هەروەها لە بوارەکانی غاز و کانەبەردینەکان و بەرهەمە نەوتییەکان، گواستنەوەی کارەبا و بەرهەمهێنانی دابەشکردن وزەدا دێت”.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی جەزائیری کرد، لە میانی ئەو سەردانەدا پەیامێکی ئەسەدی گەیاندە عەبدولمەدجید تەبون، سەرۆکی جەزائیر، ئەویش لە بەرامبەردا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی “لە هیچ ئاستێکدا دەستبەرداری سوریا نابێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش