بەرزبوونەوەی ئاماری کوژراوانی سوری لە سودان بۆ 15 قوربانی

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەهۆی ئەو شەڕانەی لەسەر خاکی سودان هەڵگیرسان، بەلایەنی کەمەوە 15 هاووڵاتیی سوری کە لە سودان نیشتەجێن گیانیان لەدەستداوە.

سودان لە 15ی نیسانەوە جەنگی توندی نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکان “پشتیوانی خێرا” بەخۆوەدەبینێت، کە بەدوای خۆیاندا تانکی سووتاو و وێرانکردنی باڵەخانەکان و تاڵانکردنی دوکانەکان و سووتاندنیان لە سەرانسەری پایتەختی ئەو وڵاتەدا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن کەسە، بەجێهێشتووە.

کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوریا لە سودان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، “لە ئەنجامی پێکدادانەکانی سودان 15 هاوڵاتی سوریا کوژراون”.

بەپێی ئەو بانگەوازانەی کە پێیان گەیشتووە، سەدان هاوڵاتی سووری کە لە شارەکانی سودان گیریان خواردووە، لە رۆژانی سەرەتاوە بانگەوازیان لە حکومەتی سوریا کردووە کە لە ناوچە جەنگییەکانی سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا رزگاریان بکات، بەڵام بێ سوود بووە.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێشدا، راگەێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، کە لەلایەن دەزگای حکومی “سانا”وە بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتبوو، “بە هاوکاری برایان لە سعودیە، سەدان سوری کە دەیانویست لە شاری ‘پۆر سودان’ دەربچن هاوکاری کران، کە تیمێک لە باڵیۆزخانەی سوریاوە گەیشتە لایان و دەیان کەسیش بە یارمەتی برایانی ئوردن و جەزائیر رزگارکران”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی