هەوڵەکان لەپێناو سنوردارکردنی ئاوارەکانی سوریا لە لوبنان زیاتر کران

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی چوارشەممە، حکومەتی لوبنان هەوڵەکانی خۆی بۆ سنووردارکردنی پەنابەرانی سوریا زیاترکردووە، ئەویش لەڕێگەی چەند داواکاری و بابەتێکەوە کە دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەم داواکاریانە لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا هاتووە کە بە سەرۆکایەتی نەجیب میکاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەنجامدراوە، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە مەیدانییەکان بووە سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا، لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە وڵاتانی دەرەوەش کراوە کە لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی ماف و ژیانی پەنابەری هاوکار و هەماهەنگ بن.

هیکتۆر حەجا وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لوبنان، رایگەیاند، داوایان لە کۆمیساری باڵای کاروباری ئاوارەکان کردووە، کە لە ماوەی هەفتەیەکدا هەموو جۆرە داتایەکی ئاوارەکانی سوریا بۆ وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانیەکان ئامادەبکرێت، هەر کەسێک کە خاکی لوبنان بەجێدەهێڵێت، مافی ئاوارەبوونەکەی هەڵبوەشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان کراوە کە بە توندی بەدواداچوون بۆ سەرپێچیکاران بکەن و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی سورییەکان لە ڕێگەی نایاساییەوە بکەن، داوای لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و شارەوانی و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری ئاوارەکان و وەزارەتی کار، مەرجە یاساییەکانی ئەو سورییانەی کە لەلوبنان لەدایک دەبن جێبەجێ بکەن.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێویستە وڵاتانی بیانیش ئەو بارگرانیەی ئاوارەبوونی سووریا لە ئەستۆ بگرن، بە تایبەت لەئێستادا کە ژمارەی ئاوارەکان لە زیادبووندایە و لەکاتێکدا کە قەیرانی ئابووری هەیە.

هەروەها داوا لە وەزیری داد کراوە بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێککەوتنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ وڵاتی سوریا، تاوتوێی ئەگەری ڕادەستکردنی دەستبەسەرکراوان و ئەوانەی کە سزادراون بە دەوڵەتی سوریا بکرێت.

جێی باسە لەم مانگەدا داواکارییەکان لە لوبنان زیادیان کردووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوری، هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەیشی لەوبارەیەوە کردووە چونکە دەسەڵاتداران پەنجا سورییان ڕادەستی دیمەشق کردووە.

ئامادەکردن و دڕشتنەوە: سەعەد یازچی