هەولێر – نۆرس پرێس
ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ئێران بە دەسڕێژی گولە لە شاری بابولسەر کە سەر بە پارێزگای مازندەرانە لە باکوری ئێران کوژرا و بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتە دەڵێن، بکوژەکەیان دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاکانی ئێران هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە عەباس عەلی سولەیمانی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران بە ‘دەسڕێژی گولـە کوژراوە.
بەرپرسانی ئەمنی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە، بکوژەکە دەستگیر کراوە و هەر لەو هێرشەدا سێ کەسی دیکەش بریندار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ڕووداوەکە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس لە شاری بابولسەری سەر بە پارێزگای مازندەران لە باکووری ئێران ڕووی داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
مەحموود حوسێنیپوور، پارێزگاری مازندەران، لەم بارەیەوە بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی حکوومەتی ئێران راگەیاندووە کە ‘هێشتا دیار نییە هێرشبەرەکان بە چ ئامانجێک ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەرییان کۆشتووە، بەڵام لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وا دەر دەکەوێت کە هێرشی تیرۆریستی بووبێت.