ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ دیمەشق ڕەتدەکرێتەوە

قامشلۆ- نۆرس پرێس

رۆژی چوارشەممە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە واشنتۆن ڕایگەیاند، سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە سوریا نەگۆڕاوە.

 دوێنێ سێشەممە، شاندی لێژنەی دانوستانەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی بەدر جاموس لە چوارچێوەی جموجۆڵی دیپلۆماسی ئەم دواییەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لەڕێگای تورکیاوە گەیشتنە واشنتۆن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو ئاسایی بوونەی پەیوەندیەکانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق ببنەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا، ڕایگەیاندووە، هیچ ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا نییە، هەروەها ئەمەریکا هەمیشە پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ بڕیارنامەی 2254 ئەنجومەنی ئاسایش.

دوێنێ سێشەممە، لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی چوار لایەن بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە لە نێوان خۆلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و عەلی مەحمود عەباسی هاوتا سورییەکەی و بەرپرسانی هەواڵگری ئەو دوو وڵاتە، لەو وتووێژانەدا سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری روسیا و محەمەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگریی ئێران و بەرپرسانی هەواڵگریی ئەو دوو وڵاتە بەشداریان کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: مالین محەمەد