ئەبولغەیت: ئەسەد جەنگەکەی بردەوە و ئێران لە هۆڵی کۆمکاری عەرەبیدا ئامادە نابێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاند کە “بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا جەنگەکەی بردوەتەوە لە سوریا”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران لە هۆڵی کۆمکاری عەرەبی ئامادە نابێت.”

  ناوبراو لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی “ئەلجەدید”ی لوبنانی رایگەیاند کە “کۆمکاری عەرەبی پەلەی کرد لە هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریادا”.

ئەبولغەیت، ئاماژەی بەوەدا کە ئەسەد “ئەو کاتە جەنگەکەی بردەوە کە لەڕووی سەربازییەوە یەکلایی کردەوە، ئەمەش بەلایەنی کەمەوە پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە” و “کاتێک ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی بچێتە ناو دیمەشق، حکومەتی سوریا سەرکەوت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەدەبوو لە پڕۆسەی دەرکردن و هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا پەلە بکرایە، دەبوو لەو کاتەدا دەرفەتێک بۆ دانوستان و گفتوگۆی زیاتر بڕەخسایە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوکاتە لە کۆمکارەکەدا ئامادە نەبووە، ئەگەرنا رەزامەند نەدەبوو بەوەی لە هۆڵی کۆبوونەوەی کۆمکارەکەدا روویداوە، وەک خۆی دەڵێت.

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتان “ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران رێککەوتوون، بەڵام رێگە بە ئێران نادرێت لەم هۆڵەدا ئامادەبێت”.

ئەو پێیوابوو کە “حزبوڵڵا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەشێکە لە پێکهاتەی دەستووری شەرعی لوبنان و لە حکومەتدایە، کە ئەمەش راستی و واقیعێکە.”

ئەبولغەیت دەڵێ: “ئەگەر سوریا گەڕایەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی، ئەسەد دەبینم، بەڵام پێش ئه وه ناتوانم چاوم پێی بکەوێت، چونکە له رووی دەستووری و یاساییەوە بۆ من رێگەپێنەدراوە، بە تایبەت کە ئەندامێتی سوریا لە کۆمکار سڕکراوە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی