گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە مەنبیج دۆزرایەوە

مەنبیج- نۆرس پرێس

دوێنێ، چوارشەمە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوەڕاستی شاری مەنبیج لە باکوری سوریا دۆزرایەوە، کە زیاتر لە دە تەرمی تێدابووە، ئەگەری زۆرە گۆڕی زیندانیانی سڤیل بن لە ماوەی دەسەڵاتی داعشدا 2014 لە شارەکە.

كادیرێكی تیمی پزیشكی سەرپەرشتی هەڵدانەوەی تەرمەكان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكە رایدەگەیەنێت، “ئەوان زیندانیانی سڤیلن كە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەركرا بوون، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی بەردەستمان نەمانتوانی ناسنامەیان دیاریبكەین”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: تا ئه‌م ساته‌ ده‌ ته‌رم له‌ گۆڕستانه‌كه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك هۆتێلی شاره‌كه‌، كه‌ له‌ كاتی كۆنتڕۆڵكردنی شاره‌كه‌دا له‌لایه‌ن داعشەوە‌ وه‌ك زیندان به‌كارهێنراوه‌.

وتیشی “گۆڕەبەکۆمەڵەکە لە لایەن كرێكارانی شاره‌وانیەوە دۆزراوەتەوە له‌ كاتی پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆیه‌كی شارەکەدا، له‌وێ یه‌كه‌مجار ته‌رمی سێ كه‌سیان به‌ دەست و چاو بەستراوی بینیوه‌”.

دوای ئەوەی داعش لە سەرەتای ساڵی 2014 دەستی بەسەر شاری مەنبیجدا گرت، ئەو رێكخراوە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەنجامدا و بە تۆمەتی جیاجیا سەدان لە دانیشتووی شارەكەیان كردە ئامانج، هەروەها ژێرزەمینەكەی ژێر هۆتێلی شارەكەیان وەك زیندان بەکار دەهێنا. بە وتەی دانیشتوانی شارەکە، داعش هەڵدەستان بە لە سێدارەدانی زیندانییەکان و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەیانناشتن.

دوا بە دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری مەنبیج لە لایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە ساڵی 2016 دوای شەڕێکی زۆر لەگەڵ ئەو رێكخراوە، چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ لە پاركی گشتیی ناوەندی شارەكە دۆزراونەتەوە.

بەپێی لێژنەی تەندروستی مەنبیج و گوندەوارەکانی، 10 تەرمی هاوڵاتیانی سڤیل وەك دەرەنجامێكی سەرەتایی دۆزراونەتەوە، کە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 60 ساڵدا بووە، لەنێو تەرمەكاندا تەرمی ژنێك بووە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا کە “زۆربەی تەرمەکان دەست و چاویان بەسترابوو، زۆربەی تەرمەکان جێگای فیشەک بە سەریانەوە دیارە.”