دەستگیرکردنی کەسێکی سوری و براکەی کە گومانیان لێدەکرێت پلانی تەقینەوەیان  لە ئەڵمانیا دانابێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پیاوێکی سوری و براکەی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی جیهادی و تەقینەوە بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا دەستگیرکرد.

پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، ئەو گەنجە و براکەی لە شاری هامبۆرگ دەستگیرکردووە، هەروەها پشکنینی ژمارەیەک شوێنیان لە شارە کەنارییەکانی باکوور و هەروەها لە شارۆچکەی کەیمپتنی  باشووری ئەو وڵاتە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو تۆمەتبارە تەمەن 28 ساڵە و برا تەمەن 24 ساڵەکەی بەردەوامە، کە گومانیان لێدەکرا پلانی هێرشکردنیان بۆ بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان دانابوو.

نزیکەی 250 ئەفسەرو پۆلیس بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە ، هەروەها پۆلیس و داواکاری گشتی هامبۆرگ لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، تومەتبارەکە هەوڵیداوە پشتێنەیەکی تەقینەوە لە ماڵەکەیدا دروستبکات، بۆ ئەوەی بەو پشتێنە هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی