وەزارەتی دەرەوەی عێراق داواکاریەک لە سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی دانیشتووی سوودان دەكات

هەولێر – نۆرس پرێس

گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری بەجێهێشتنی خاكی سوودان لەلایەن هاوڵاتیانی عێراقەوە، پێویستە سبەی چوارشەممە لە شوێنی دیاریكراو كۆببنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لەبەیاننامەیەکدا، ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق لە سوودان دەكات، سبەی چوارشەممە کاتژمێر شەشی بەیانی لە ناوچەی مەنشیەی شەقامی ئۆماك لە نزیك بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە خەرتومی پایتەختی سوودان ئامادە بن بۆ گواستنەوەیان لە رێگەی پاسەوە بۆ ناوچەی پۆرتسوودان.

جێی باسە ماوەی 10 ڕۆژە، شەڕ و پێکدادانەکانی توند لە ناوخۆی سوودان دەستی پێ كردووە، دۆخەکە سات بە سات ئاڵۆزتر دەبێت، سوپای سوودان هێزی پشتیوانی خێرا تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیانەوێت چەندین زیندانی مەترسیدار ئازاد بکەن ، ئێستا زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان هاووڵاتیەکانیان لە سودان کشاندووەتەوە و بەشێکیشیان باڵوێزخانەکانیان داخستووە.