وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئیدانەی سزاکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەر چەند کەسایەتییەک و قەوارەکانی سووریا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی نیسانی 2023، حکومەتی سوریا سەرکۆنەی ئەو بڕیارانەی یەکێتی ئەوروپای کرد، کە بریتیی بوو سەپاندنی سزا بەسەر چەند کەس و قەوارەیەکی سوریادا.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، “سوریا بە توندترین شێوە بڕیارە نوێیەکەی یەکێتیی ئەوروپا ئیدانە دە کات کە ئامانجی بەهێزکردنی رێوشوێنی زۆرەملێیە نایاساییەکانی یەکلایەنە، لە دژی ئەو وڵاتەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا درۆکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو سزایانەی بەسەر سوریادا سەپێنراون، رێگری ناکەن لە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان یان دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و کەرەستەی پزیشکی، ئەمەش وایکردووە سیاسەتەکانی ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ژیان و بژێوی سورییەکان.
روونیشیکردەوە کە ئەو سزایانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابوری وڵاتەکە هەیە، هەروەها ئەو ئیستسنایانەی یەکێتی ئەوروپا شانازی پێوەدەکات بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان نییە، بەڵکو بۆ پڕوپاگەندەی میدیایی و شاردنەوەی راستی سیاسەتەکانی بەرامبەر سوریایە.
دوێنێ دووشەممە، 24ی نیسانی 2023، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 25 کەس و هەشت رێکخراوی سوریادا سەپاند بەهۆی تێوەگلانیان لە “بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان”، لەنێویاندا چەند کەسایەتییەکی ناو بنەماڵەی بەشار ئەسەدن.
حکومەتی بەریتانیا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا سزای زیاتری بەسەر لێپرسراوانی ئێرانییدا سەپاند، لە نێویاندا فەرماندەی سەر بە سوپای پاسداران ھەیە، کە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارکراون و لەمبارەوە تۆمەتیان ئاراستەکراوە.
جەمیس کلیفرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند، “بەریتانیا و ھاوبەشەکانی (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا) جارێکی تر دووپاتی دەکەنەوە، چاوپۆشی لە ھیچ سەرکوتکارییەک ناکەن”.