سەرچاوەیەکی فەرمی سوریا: کشانەوەی تورکیا لە سوریا یەکەم پرسی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، 25ی نیسانی 2023، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سوری کە بەرپرسە لەو کۆبوونەوە چوارقۆڵیەی کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، ئاشکرای کرد که کشانەوەی تورکیا له ناوچه کانی سوریا یەکەم پرسە کە دەبێت له وتوێژەکان سەبارەت بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر سوریا چارەسەر بکرێت.

ئەو سەرچاوە فەرمییە سورییە بە رۆژنامەی ئەلوەتان کە نزیکە لە حکومەتی سوریای رایگەیاندووە، “کشانەوەی تورکیا لە خاکەکانی سوریا، یەکەم پرسە کە دەبێت لە گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاساییکردنەوەدا چارەسەر بکرێت”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا، واتای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و بەبێ کشانەوە یان پەیوەندییەکان ئاسایی ناکرێتەوە و دروست نابێت.

روونیشیکردەوە، ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان وەزیرانی بەرگریی سووریا، تورکیا، رووسیا و ئێران روویدا، گفتوگۆکردن بوو لەسەر میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سەر خاکی سووریا، لە کۆبوونەوەکەشدا باس لە هیچ هەنگاوێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەکرا .

ئەو سەرچاوە سورییە بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەن، راستی و دروستی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیای رەتکردەوە سەبارەت بە هەنگاوە کۆنکرێتییەکانی پەیوەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا کردبوو.

پێشتر وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، لە کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەی مۆسکۆ لەنێوان وەزیرانی بەرگری سوریا، ئێران، رووسیا و تورکیا باس لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا کراوە، هەروەها “جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی ناسراو رێگای M4  باسکرا.

وەزارەتی بەرگری سوریا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەی مۆسکۆ باسیان لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە نێو خاکی سوریادا کرد.

هاوکات وەزارەتی بەرگری رووسیاش رایگەیاند، وەزیرانی بەرگری رووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ وتووێژی چوارلایەنەیان ئەنجامداوە و پرسەکانی ئەمنییان تاوتوێ کردووە.