لە کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵیدا باسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکرێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی نێوان وەزیرانی بەرگری سوریا، ئێران، ڕووسیا و تورکیا کە لە مۆسکۆ ئەنجامدرا باسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا کراوە.

وەزارەتی بەرگری سوریا لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوار کەسی لە نێوان وەزیرانی بەرگری سوریا، ڕووسیا، ئێران و تورکیا ئەنجامدرا، و تێیدا باسیان لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە نێو خاکی سوریادا کرا.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، وەزیرانی بەرگری ڕوسیا، ئێران، سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ وتووێژی چوارلایەنەیان ئەنجامداوە و پرسەکانی ئەمنییان تاوتوێ کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: محەمەد قازی