ناوەندی ئاشتەوایی رووسی باس لە پێشێلکاری ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات لە سوریا

قامشلۆ– نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی رووسیا بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی سوریا، رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر “بەردەوامە لە پێشێلکارییە ئاسمانییەکانی لە سوریا”.

گۆرینۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەوەی لەلایەن ئاژانسی “تاس”ی رووسییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە “پێشێلکارییە قورسەکانی پرۆتۆکۆلی بێ ململانێ و یاداشتنامەی دوولایەنە سەبارەت بە سەلامەتی فڕۆکەوانی لە سوریا لەلایەن هاوپەیمانی بەناو نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە، و ئامانجدار و سیستماتیکن”.

ناوبراو رایگەیاند کە پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەوانی هاوپەیمانان بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا 665 حاڵەتی پێشێلکاری لەو جۆرە تۆمارکراوە، لەنێویاندا 213 حاڵەت لە مانگی نیساندا”.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا، گۆرینۆڤ گوتی، 210 پێشێلکاری لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سوریا لە ماوەی مانگی ئازاردا تۆمارکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە 22ی مانگی رابردوودا، فەرماندەیەکی سەربازی ئەمریکی رایگەیاند کە فڕۆکە رووسیەکان لە مانگی ئازاری رابردوودا بەلایەنی کەمەوە 25 فڕینی ئاسمانیان بەسەر سەربازگەی “ئەلتەنف”ی ئەمریکادا لە سوریا ئەنجامداوە و گوتی، “بەبەردەوامی بەسەر کارمەندانمانەوە بە ئاسمانەوە دەفڕن” ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەمە دۆخێکی ناڕەحەتکەرە”.

ئامادەکردن ودارشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی