گۆتێرێس: توندوتیژی لە سودان هەڕەشەی ئاگرێکی کارەساتبارە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، توندوتیژییەکانی سودان هەڕەشەی ئاگرێکی کارەساتبارە لە ناوەوەی وڵاتەکە و لەوانەیە تەشەنەبکات بۆ لە دەرەوەی سودانیش.

گۆتێرێس گوتی، “دەبێت توندوتیژییەکان بوەستێنرێن، چونکە هەڕەشەی ئاگرکەوتنەوەیەکی کارەساتبار لە ناوخۆی سودان دەکات و رەنگە بە تەواوی ناوچەکە و دەرەوەی سودانیشدا درێژببێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان هەوڵ بدەن بۆ دوورخستنەوەی سودان لە لێواری هەڵدێران، و بانگەوازێکی بۆ ئاگربەست دووپاتکردەوە.

ناوبراو رایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان نایەوێت سودان بەجێبهێڵێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەزگای نێودەوڵەتی ئامادەیی دەکات و خۆیان لە سودان ڕێکدەخەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنیان بۆ گەلی سودان.

راشیگەیاند، بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکان، داوای لێکردوون گرژییەکان کەمبکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

سەرەڕای خێرایی جێهێشتنی وڵاتەکە بەهۆی سەختی دۆخەکەوە، لێدوانەکانی گۆتێرێس دوای ئەوە هات کە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کەوا ‘ڤۆڵکەر بێرتێس’ بەرپرسی نوێنەرایەتییەکەی لە سودان دەمێنێتەوە.

ماوەی 10 رۆژە وڵاتی سودان توندوتیژی و شەڕی خوێناویی  لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بەخۆوە دەبینێت، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس کوژران و 4 هەزاریش برینداربوون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی