هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی بەریتانیا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورویا سزای زیاتری بەسەر لێپرسراوانی ئێرانییدا سەپاند، لە نێویاندا فەرماندەی سەر بە سوپای پاسداران ھەیە، کە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارکراون و لەمبارەوە تۆمەتیان ئاراستەکراوە.
حکومەتی بەریتانیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە لە راگەێنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، کە سزادانەکە چوار سەرکردەی سوپای پاسداران دەگرێتەوە.
جەمیس کلیفرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، “بەریتانیا و ھاوبەشەکانی (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا) جارێکی تر دووپاتی دەکەنەوە، چاوپۆشی لە ھیچ سەرکوتکارییەک ناکەن”.
ھاوکات لە لایەکی تریشەوە یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد، کە سزای بەسەر 25 کەسایەتی و 8 رێکخراوی سوریادا سەپاندووە، کە سەر بە ئێرانن و لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، بە تۆمەتی قاچاخچێتی کردن بە مادەی ھۆشبەرەوە.