دژ به پێكهێنانی حكومه‌ت، ره‌وتی سه‌در ناوچه‌ی سه‌وزی گرت
سلێمانی- نۆرس پرێس
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دژ به كاندیدكردنی”محه‌مه‌د شیاع سودانی” له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی-یه‌وه، لایه‌نگرانی سه‌در هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌در و بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی-یان گرت.
هێزه ئه‌منییه‌كان هیچ پێكدادانێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نگره‌كانی سه‌دردا بۆ دروست نه‌بو، به‌پێچه‌وانه‌وه له چوارده‌وری به‌ربه‌سته‌كان كشانه‌وه‌و رێ‌یان بۆ چونه ناوه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران خۆشكرد بچنه ژوره‌وه.
ناوچه‌ی سه‌وز، زۆرێك له داموده‌گا باڵاكانی حكومه‌ت و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانی تێدایه‌و به شاده‌ماری ده‌سه‌ڵات له عێراقدا داده‌نرێت.
له ئێستادا لایه‌نگرانی سه‌در له ناوچه‌ی سه‌در بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق-یان گرتوه‌و و چونه‌ته ناو هۆڵی سه‌ره‌كی بیناكه‌وه.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له پاش كشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانیان به په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به خۆیان، له هه‌وڵی دروستكردنی حكومه‌تی نوێی عێراقدایه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له رۆژانی رابوردو گه‌شتنه رێكه‌وتن بۆ كاندیدكردنی سودانی و داواشیكرد رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆببێته‌وه.
به‌پێی رێكاره‌كان، پێویسته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵبژێرێت، دواتر سه‌رۆك كۆمار كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاندید بكات و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران خۆی یه‌ك به یه‌كی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی په‌سه‌ند بكات.
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان، باس له‌وه ده‌كرێت ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانی گه‌شتوه‌ته به‌غدا به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی كردن له نێوان لایه‌نه‌كان بۆ راسپاردنی سودانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.
خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگری سه‌در باس له‌وه ده‌كه‌ن هه‌رچه‌ند بیانه‌وێت له ناو ناوچه‌ی سه‌وز ده‌مێننه‌وه.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران، كه له ئێستادا له ئه‌نباره، له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوایكرد خۆپیشانده‌ران ده‌ستبه‌جێ له ناوچه‌ی سه‌وز بكشێنه‌وه‌و زیان به موڵك و ماڵی گشتی و تایبه‌ت نه‌گه‌یه‌نن.
هه‌رچی له موقته‌دا سه‌دریشه كه به‌وه ناسراوه له تویته‌ر راو بۆچونی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان تا ئێستا هیچی نه‌وتوه.
له 10-10-2021 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا، ره‌وتی سه‌در توانی ببێت به زۆرینه‌و 73 كورسی به ده‌ستهێنا.
له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان (33 كورسی)، هاوپه‌یمانی سیاده (67) كورسی، ره‌وتی سه‌در هاوپه‌یمانییه‌كان پێكهێنا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام به‌هۆی رێگرییه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و شكاندنی رێژه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كه پێویستی به ئاماده‌بونی 220 په‌رله‌مانتار هه‌بو، نه‌یانتوانی رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت ته‌واو بكه‌ن.
ره‌وتی سه‌در له ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران بڕیاریدا سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌كانی ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌و بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن.
له پاش كشانه‌وه‌ی ره‌وته‌كه، ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق باسیان له‌وه‌كرد، سه‌درییه‌كان ده‌یانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی تر بمێنێته‌وه‌و رێگری بكه‌ن له هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی حكومه‌ت له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ركابه‌رییه‌وه.