چوار ژنی خەڵکی گوندەوارەکانی ڕەقە گیانیان لەدەستدا

رەقە – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک کە پێدەچێت لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە بەجێماوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار ژن لە جەبەل ئەلبشری، لە گوندەوارەکانی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لەئەنجامی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مینە چێندراوەکان بە دەیان کرێکار لە بیابانەکانی سوریا  گیانیان لەدەستداوە.

چالاکوانانی ناوخۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵی گیانلەدەستدانی 4 ژنیان بڵاوکردەوە، کە خەڵکی گوندی البو حەمەد لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە بوون، کە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی قارچک بوون لە جەبەل البشری، لە بادیەی سوریا.

لە مانگی شۆبات هاوڵاتیانی سڤیل، بە ژن و پیاوەوە خەریکی کۆکردنەوەی قارچکن، بەو پێیەی کە بووەتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ زۆرێک لە دانیشتوانی نزیک بیابانەکانی سوریا، چونکە نرخی گرانە کە بۆ هەر کیلۆیەک دەگاتە زیاتر لە 100 هەزار لیرەی سوری.

هۆکاری گرانی نرخی قارچک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناچیندرێت، بەڵام ئەو سەرچاوەیەی داهاته بووەتە هۆکارێک بۆ کۆژرانی خەڵکی سڤیل.

لە ئەنجامی هەبوونی مین و چالاکی شانەکانی داعش لە بیابانەکانی سوریا، هێزەکانی حکومەت و لایەنەکانی نزیک لە ئێران، دانیشتووانی ناوچەکە دەقۆزنەوە تا کاریان لەگەڵدا بکەن لە بەرامبەر پاراستنیان.

بەڵام دانیشتوانی ناوچەکەش ئەم لایەنانە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەپشت دانانی ئەو مینانەوەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان