دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، رایگەیاند، بڕیارە سبەی سێشەممە، کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەسەر ئاستی “بەرگری و هەواڵگری” نێوان تورکیا، رووسیا، سوریا و ئێران لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێت.
ئەم دیدارە پلان بۆ داڕێژراوە دووەمینە لەم ئاستەدا، بەڵام بەزیادکردنی کورسی چوارەمی بۆ ئێران، یەکەم کۆبوونەوەش لە 28ی کانوونی دووەمدا بە بەشداری وەزیرانی بەرگری و هەواڵگری تورکیا، رووسیا و سوریا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.
لە درێژەی دیدارەکەی پێشوودا ئاکار رایگەیاند، “ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن بۆ کۆبوونەوەیەک کە وەزیرانی بەرگری و هەواڵگری چوار وڵاتەکە ئامادەی بن و بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە لە مۆسکۆ ئەنجام بدرێت، ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێرەیە بە دانوستان و هێنانەدی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە بە زووترین کات”.
لە کاتێکدا ناوچەکانی باکووری سوریا ناڕەزایەتی پچڕپچڕ بەخۆوە دەبینن، دژ بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا، ئەو رێگایەی کە ئەنقەرە لەم دواییانەدا کاری لەسەر دەکات، ئاکار گوتی: “ئێمە ناتوانین برا سوورییەکانمان بخەینە کێشەوە و ئێمەش ئامانجمان دڵنیابوونەوەیە لە گەڕانەوەی سورییەکان لە تورکیاوە بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان بە شێوەیەکی خۆویستانە و بە سەلامەتی و رێزگرتن لە جێبەجێکردنی مەرجە پێویستەکان”.
لە میانەی گفتوگۆکانی مۆسکۆدا لە 3 و 4ی نیسانی ئەمساڵدا، نوێنەرانی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیران.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایاردا کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەبچێت.
رووسیا سەرپەرشتی ئەو کۆبوونەوە چوار قۆڵییە دەکات کە رەنگە گەشە بکات بۆ لوتکەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، بەمەش کۆتایی بە سەردەمی 12 ساڵەی دوورکەوتنەوە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دێت، کە لەوکاتەوەی تورکیا پشتیوانی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات، لەنێویاندا لایەنە توندڕەوەکان و رژێمی ئەسەدیش بە پشتیوانی رووسیا و ئێران توانیویەتی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.