هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “فوئاد حسێن” وەزیری دەرەوەی عێراق و “حسێن ئەمیر عەبدولاھیان” وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانیان ئاڕاستەی یەکتر کردووە.
ھاوکات بیروڕاکانیان سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تاران و بەغداد و پێشھاتەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەێنراوەکە، ھەر لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دڵخۆشە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز و راشیگەیاند، بەمنزیکانە “د.لەتیف رەشید” سەرۆک کۆماری عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە تاران.
مانگی رابردوو، “ئیبراھیم رەئیسی” سەرۆک کۆماری ئێران لەڕێی “محەمەد ئال سادق” باڵیۆزی ئێرن لە عێراق بانگھێشتنامەی رەسمی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق نارد بۆ سەردانکردنی تاران، سەرۆک کۆماری عێراقیش رایگەیاندبوو کە بەزووترین کات سەردانەکە ئەنجام دەدات.