حەسەکە… بۆمبێکی دەنگی فڕێدرایە نێو بارەگایەکی ئەمنی
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، بۆمبێکی دەنگی فڕێدرا نێو بارەگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، دوای نیوەی شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە کەسێکی نەناسراو بۆمبێکی دەنگی فرێداوە نێو بارەگای ئاسایش لە گەڕەکی زهوری شاری حەسەکە.
دوای رووداوەکە، هێزەکانی ئاسایش لە شەقامەکانی گەڕەکەکە و دەوروبەری زیندانی سیناعە جێگیر بوون و بەدوای تاوانباراندا دەگەڕان.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی سەربازی زۆر لە دەوروبەری زیندانی سیناعە کە هەزاران دەستگیرکراوی داعش تێدایە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی دوای بە ئامانجگرتنی بارەگایەکی ئاسایش.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا شانە نوستووەکانی داعش هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی ئاسایش لە شاری رەقە و لە ئەنجامدا شەش ئەندامانی ئەمنی گیانیان لەدەستدا.
چەند رۆژێک دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “رەشەبای ئەلجەزیرە”ی لە گوندەکانی حەسەکە و قامیشلۆی رۆژئاوایی کوردستان لە دژی چەکدارانی داعش راگەیاند.