سوپای تورکیا بۆ فراوانکردنی بنەکەکەی لە گوندەواری ئەعزاز 1000 درەخت لەڕەگەوە هەڵدەکەنێت
حەڵەب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، بە ئامانجی فراوانکردنی بنکەکەیان، سوپای تورکیا نزیکەی 1000 درەختیان لە دەوروبەری بنکە سەربازییەکەیان لە شارۆچکەی ‘کەلجیبرین’ لە گوندەواری ئەعزاز لە باکووری شاری حەڵەب، لە رەگەوە هەڵکێشا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە ڕەگەوە هەڵکێشانی ئەو درەختانە بە ئامانجی فراوانکردنی بنکە سەربازییەکەی تورکیا بووە لە شارۆچکەکە، هەروەها بۆ دروستکردنی گەراجێک بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان و شوێنی کۆبوونەوەی چەکدارەکانیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، درەختەکان لە یەک شوێن کۆکراونەتەوە و خاوەنەکانیان ڕێنمایی کراون کە لەو شوێنە جێیانبهێڵن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە خاوەن ئەو زەوییانە هەیە، کە بەهۆی هەڵکەندنی درەختەکانیەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەرەگەوە هەڵکێشانەکە لە رێگەی بولدۆزەرەکانی سەر بە سوپای تورکیاوە ئەنجامدراوە و بنکەکەیان لە شارۆچکەکە ئەو ئامێرانەی هێناوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە ساڵی 2018دا سوپای تورکیا لەسەر رووبەری نزیکەی 35 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە ‘کەلجیبرین’ بنکەیەکی سەربازی دامەزراندووە.