ئەنقەرە وادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و سەرۆکی هەواڵگری رووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران ئاشکرا دەکات

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 25ی نیسانی 2023 لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری تورکیا، رووسیا، سوریا و ئێران بەرێوەدەچێت.

ئاژانسی ئانادۆڵ لە زاری وەزیری بەرگری تورکیاوە بڵاویکردەوە، “بڕیارە سبەینێ لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا، رووسیا، سوریا و ئێران بەڕێوەبچێت”.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا راوێژ لە نێوان جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا ئەنجامدرا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چوارلایەنە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە، لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2022، یەکەم دانوستان ئەنجامدرا، لە ماوەی 11 ساڵدا، لە نێوان وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار و عەلی مەحمود عەباس، وەزیری بەرگری سوریا سەبارەت بە تاوتوێکردنی رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و پێویستی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری.

ئەم ڕاوێژکاریانە ئامانجیان پردێکە لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە کە پەیوەندییەکانی نێوانیان پچڕا پاش سەرهەڵدانی پێکدادانەکان، لە ساڵی 2011، لە نێوان سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکان کە لە دەرەوە پشتیوانیان لێدەکرا.