ئەمڕۆ 49 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی شاری قەڵادزێدا تێدەپەڕێت
هەولێر – نۆرس پرێس
لە کاتژمێر 9:15 خولەکی سەر لە بەیانی 24/4/1974 یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کوردانی باشوور لایان رژێمی بەعسەوە و بەچەکی قەدەغەکراو ئەنجامدرا، کە کۆمەڵکوژییەکەی قەڵآدزێی لێکەوتەوە، تێیدا زیاتر لە 132 شەهید و 400 بریندار و بێسەروشوێنی لێکەوتەوە.
ئەو کاتە زانکۆی سلێمانی لەسەر بڕیاری جەنەڕاڵ ‘مستەفا بارزانی’ گوێزرابۆوە بۆ شاری قەڵادزێ، کە ئێستا ئەم زانکۆیە بە زانکۆی سەڵاحەدین ناسراوە، وە هۆکاری هێرشکردنەکەش بۆ سەر ئەم شارە، بوونی زانکۆی سلێمانی و ناڕەزایی دەربڕینی دانیشتوانی شاری قەڵادزی بوو، بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنی بڕیارنامەی 11ی ئازار.
هاوڵاتیانی ئەو شارە هەردەم لە هەوڵی رزگاربووندا بوون لە چنگی رژێمە دیکتاتۆریەکەی سەدام حوسێن، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکە بە چەکی قەدەغەکراوی (ناپاڵم)، زیاتر لە 132 قوتابی و هاوڵاتیانی سڤیلی شارەکە شەهید کران و زیاتر لە 400 هاوڵاتی سڤیلی دیکە بریندار یان بێسەروشوێن بوون، دواتر بەفەرمی ئەنجومەنی هەرێمی کوردوستان رۆژی 24/4ی کردە بە رۆژی زانکۆ.
هەشت ساڵ پاش ئەو رووداوە، بەدیاریکراوی لە 24/4/1982 دا لە کاتی یاد کردنەوەی کۆمەڵکوژییەکەی 24/4/1974 لە شاری قەڵادزێ ، شۆڕشێک دژی رژێمی بەعس ئەنجامدرا.
سەرەتا تەنها مەبەست یادکردنەوەی رووداوەکە بوو، بەڵام لە ناکاو گۆڕا بۆ شۆڕش، کە لە قوتابخانەی ئامادەی قەڵادزێوە بڵێسەی سەند و پاشان هەموو قوتابخانەکانی تری شاری گرتەوە و دواتر شۆڕش هەموو شارەکەی گرتەوە، لە ئەنجانم دا رژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن وەڵامی شۆڕشگێرانی دایەوە، یەکەم شەهید بە ناوی (سنەوبەر) کە مامۆستا بوو لە ئامادەی قەڵادزێ لەو رووداوە کەوتەوە و پاشان پێنج هاوڵاتی دیکە شەهید بوون و چەندین برینداری لێکەوتەوە.
لە ئێستادا وەک رێزێک قوتابخانەیەک بە ناوی شەهید “سنەوبەر” لە شاری قەڵادزێ دروستکراوە.
قەڵادزێ یەكێكە لەشارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەكەوێتە بەشی باشوری كوردستان و هاوسنورە لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردوستان
ژمارەی دانیشتوانی 140 هەزار کەسە ، لەساڵی 1893 لەلایەن عوسمانیەكانەوە قەڵادزێ كراوە بە قەزا بۆ جێبەجێ كردنی دەسەڵاتی ناوەندی، رووبەری تەواوی سنوری قەزای پشدەر بەگشتی 400 كیلۆمەتر دوو جا دەبێت
لەڕووی پۆلێنی جوگرافیاوە دەکەوێتە ناوچەی چیا بەرزەکان و بەرزایی لە دامێنی زێی بچووک دەگاتە 780 پێ و تا بەرەو باکوور بچین زیاد دەکات و دەگاتە 1800 پێ.