تەحریر شام هەڵمەتی دەستگیرکردنی لە رۆژئاوای ئیدلب دەستپێکردووە

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی نیسانی 2023، دەستەی  تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرە) نزیکەی 11 کەسی لە گوندی عەرەب سەعید لە رۆژئاوایی ئیدلب دەستگیرکرد، کەسانی دەستگیرکراو بە هاندانی دژی دەستەی تەحریر تۆمەتبار کراون، بەمەش ژمارەی کەسانی دەستگیرکراوە لەو گوندە بۆ 83 کەس بەرزبووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە گوندەکەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەزگای ئاسایشی گشتی دەستەی تەحریر شام هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێکی گوندەکە، 11 کەسیان دەستگیرکردووە و نەیانتوانیوە کەسانی دیکە دەستگیربکەن کە توانیویانە هەڵبێن، لەنێویاندا ٣ مامۆستا لە دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ئیدلب.

جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دەزگای ئاسایشی گشتی پشتڕاستی کردەوە کە دەستگیرکردنەکان بە فەرمانی “ئەبو ماریا ئەلقەحتانی” بووە، چونکە کاریگەری لەسەر 11 کەس هەبووە لە کۆی 25 کەسی داواکراو بە تۆمەت هاندانیان لەرێگەی سۆشیال میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان دژی دەستەی تەحریر شام ئەنجامداوە.

مەیسیر عەلی موسا عەبدوڵا ئەلجبوری ناسراو بە “ئەبو ماریا ئەلقەحتانی”، ئیسلامییەکی چەکداری خەڵکی عێراقە و بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریای کردووە،پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی شورا بووە لە رێکخستنی بەرەی نوسرە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتۆتە 107 کەس له شاری ئیدلب، له دانیشتووانی گوندی عەرەب سەعیدیش گەیشتۆتە 83 کەس، له نێویاندا 7 کەسی بەتەمەن هەیە، به و پێیەی ئەم گوندە به یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین دژایەتی هەیە بەرانبەر بە دەستەی تەحریر شام و بەردەوام شایەتحاڵی پێشێلکارییەکانە لەلایەن خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانەوە.