رووسیا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک زیاتر لە 20 دیپلۆماتکاری ئەڵمانی لە وڵاتەکەی دەردەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رۆژی شەممە، 22ی نیسانی 2023، دەرکردنی زیاتر لە 20 دیپلۆماتکاری ئەڵمانی لە مۆسکۆ راگەیاند، وەک “تۆڵەسەندنەوەیەک” لەبەرانبەر دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانیان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەرکردنی بەکۆمەڵی دیپلۆماتکارانی رووسیایان راگەیاند، هەروەها دیاریکردنی زۆرترین ژمارەی کارمەندانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا لە مۆسکۆ.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تاس، رۆژی شەممە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند کە زیاتر لە 20 دیپلۆماتکاری ئەڵمانی لە رووسیا دەرکراون وەک رێکارێکی هەمان کردەوەی ئەڵمانیا بە دەرکردنی دیپلۆماتکارانی رووسیا لە وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشتر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا “رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە” دوای “دەرکردنی نوێی بەکۆمەڵ”ی دیپلۆماتکارانی رووسیای لە ئەڵمانیا راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: “ئێمه به توندی ئیدانەی ئەم کردەوەیەی بەرلین دەکەین، کە بەردەوامن لە تێکدانی بازنەی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەڵمانیا، بە رەهەندە دیپلۆماسییەکەشیانەوە”.

لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و مۆسکۆ تێکچووە، دوای ئەوەی تانکی”لیۆپارد 2″ی دروستکراوی ئەڵمانیای رەوانەی ئۆکرانیا کرد کە یەکەم باری مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بوو بگاتە ئۆکرانیا.

بەپێی ئەوەی میدیاکان لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانیەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەڵمانیا لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو کە پشتبەستنی بە غازی رووسی کەمکردووەتەوە و تەواوی ژێرخانی وزەی هەمەچەشنی کردووە لە دوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی رابردوودا.

لە 24ی شوباتی 2022 رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و دواتر کاردانەوەی توورەیی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش لە پاشخانی دژایەتی رووسیا بۆ پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بۆ هەر هاوپەیمانییەک.