باڵیۆزە نوێیەکەی ئێران لە دیمەشق دەستبەکاربوو

رەقە – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی سوریا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت و دیپلۆماتکارانی ئێران، بەڵگەنامەی دڵنیایی باڵیۆزی نوێی ئێرانی لە سوریا وەرگرت.

ئاژانسی فەرمی سوریا “سانا” بڵاویکردەوە کە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوە، بەڵگەنامەی دڵنیایی “حوسێن ئەکبەری” وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە سوریا وەرگرتووە.

باڵیۆزی نوێ جەختی لە سەر خستنەگەری هەموو هەوڵەکان و دۆزینەوەی  هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونی پرسە هاوبەشەکانی نێوان سووریا و ئێران کردەوە.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو، دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویانکردەوە کە چاوەڕێدەکرێت “حسێن ئەکبەری” وەک باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق لە شوێنی “مەهدی سۆبهانی” کە ماوەکەی تەواو بووە دەستبەکاربێت.

باڵیۆزە نوێیەکەی ئێران لە دیمەشق تایبەتمەندە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و وەک باڵیۆزی ئێران لە لیبیا کاری کردووە، هەروەها لە باڵیۆزخانەی ئێران لە چاد کاری کردووە، پۆستی یاریدەدەری بەرپرسی رێکخراوی “حەج و عومرەی ئێران” ی هەبووە، سکرتێری گشتی بە وەکالەت لە کۆمەڵگەی “بەئاگاهاتنەوەی ئیسلامی” و سەرۆکی “سەنتەری نور بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان” پۆستی هەبووە.

باڵیۆزە نوێی ئێران، لە 13 مانگی نیسان، بۆ وەرگرتنی ئەرکە نوێیەکەی گەیشتە دیمەشق.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی “وەتەن”ی سوری، ئەکبەری جەختیکردوە کە پرسی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تاران دەبێتە پێشینیەی “ئەولەویات”ی کارەکانی.

 لە 8ی نیسان  2023، سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، ، وەک رێزێک بۆ هەوڵەکانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سوریا و ئێران، خەڵاتی “شایستەی سوری”  بەخشی “مەهدی سۆبحانی” .

بە درێژایی قەیرانی سوریا، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق و تاران هاوشێوە بوون، ئێرانیش بە هەزاران چەکدارانی خۆی ناردەوە سوریا.