واشنتن پۆست: ئۆکرانیا بەسودوەرگرتن لە ‘هەسەدە’ هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر پێگەکانی رووسیا لە سوریا

 هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، رۆژنامەی ‘واشنتن پۆست’ی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە باس لە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی هەواڵگری ئەمریکا دەکات، بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، “دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی نهێنی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا لە سوریا بە بەکارهێنانی یارمەتی نهێنی کوردەکان ‘هەسەدە’ داڕشتووە.”، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش رەتیدەکەنەوە.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی باس لەوە دەکات، شەڕکردن لە گۆڕەپانێکی دوورەدەستی نوێی شەڕکردنی وەک سووریا، دەکرێت مانای بەئامانجگرتنی هێزەکانی رووسیا و هێزەکانی گرووپی ڤاگنەر بێت کە بەشێوەیەکی چالاکانە لە سووریا کار دەکەن.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆکراینا و ئاژانسی هەواڵگری لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی رووسیا لە سووریا، بێ ئەوەی حکومەتی ئۆکراینا لە هێرشەکە تێوەگلان بکات.

رۆژنامەکە دەڵێ، واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەکەی لە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەواڵگری وەرگرتووە کە گوایە لەلایەن ‘جاک تایکسیرا’، ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانی ماساشوستسەوە دزەیان پێکراوە بۆ ژوورێکی چاتی دیسکۆرد، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، پلانەکە ساڵی رابردوو دانراوە و ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا پێیان باش بووە بە بەکارهێنانی درۆن هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی رووسیا و ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەبێت سەرەتا پێگەکانی گرووپی ڤاگنەر بکرێنە ئامانج.

بەڵگەنامەکانی واشنتن پۆست باس لەوە دەکەن، کە ئەفسەرانی ئۆکراینا بیریان لە راهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووەتەوە بۆ لێدانی ئامانجەکانی رووسیا و ئەنجامدانی “هێرش بە بەکارهێنانی درۆن” .

راپۆرتەکە دەڵێ، ‘هەسەدە’ هێرشکردنە سەر پێگەکانی رووسیای لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی رەتکردوەتەوە، بەڵام بۆ ناوچەکانی دیکە، داوای کردووە لە بەرامبەر پشتگیریکردن لە پلانەکەی ئۆکراینا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێ بدرێت و داوای گەرەنتی ئەوەیشی کردووە کە رۆڵی هێزەکانی بە نهێنی بهێڵرێتەوە.

فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەسەدە بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، “ئەو بەڵگەنامانەی باسی دەکەن سەبارەت بە هێزەکانمان راست نین؛ هێزەکانمان هەرگیز لایەنێک نەبوون لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.”

واشنتن پۆست رایگەیاندووە کە جەنەڕاڵ ‘کیریلۆ بودانۆڤ’، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی هەواڵگری ئۆکرانیا، ئامادەنەبووە لەمبارەوە هیچ لێدوانێک بدات.