لە پێکدادانی چەکداری نێوان دوو لایەنی سەر بە تورکیادا لە باکووری حەڵەب کوژراو و بریندار کەوتنەوە
حەڵەب – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لە کامپی ‘ئەلسەلامە’ لە گوندەواری ‘ئەعزاز’ لە باکووری شاری حەڵەب، بە هۆی پێکدادانی چەکدارانی نێوان دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادا، کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ” شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی سەر بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کامپی ‘ئەلسەلامە’ لە گوندەواری ‘ئەعزاز’ی باکووری شاری حەڵەب روویداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دەرەنجامێکی سەرەتایی، کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە، تا درەنگانی دوێنێ شەویش پێکدادانەکان بەردەوام بوون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە ناوی ‘ئوسامە حاج ئەحمەدە’ و دانیشتووی ‘تل رەفعەت’ بووە و لە شارۆچکەی ‘ساجۆ’ کە ئەو کامپەی لێیە، کوژراوە و لەگەڵ یەکێک لەو دوو لایەنە چەکدارە کاری کردووە.